ئاگاداری

* مَرحَباً بِكُم في المَوقِع الرَّسمي لِمُنَظمَةَ مجلس المعلمين القُدوَة * به‌خێربێن بۆ بلوگه‌ری مامۆستایانی پێشه‌نگ * هیوادارین بابه‌ته‌كانی ئه‌م بلوگه‌ره‌ جێگه‌ی ڕه‌زامه‌ندی خوای گه‌وره‌و پاشانیش مایه‌ی سوودی ئێوه‌ی به‌ڕێزیش بێت *

په‌یجه‌كانی ماممۆستایانی پێشه‌نگ له‌

وينةي جولاو


" width="150" />

السبت، 6 أبريل 2013

توضيح من وزارة التعليم العالي إلى مرشحي دراسة الماجستير - الدكتوراه ***روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی خوێندنی باڵاوە بۆ كاندیدانی خوێندنی ماستەر – دكتۆرا

رۆژی 2013/4/1، لە هەندێك لە ماڵپەڕەكانی كوردستان یاداشتێك بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا نووسەری یاداشتەكە باس لە رێنمایی ژمارە 165  ی حكومەتی عێراقی فیدراڵ دەكات، وەزارەتی خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەپیویستی زانی ئەم روونكردنەوەیە بخاتە  بەرچاوی رای گشتیی‌و ئەو كاندیدە بەڕێزانەی كە لە رێگەی مۆڵەتی خوێندنەوە دەستییان بە خوێندنی باڵا "ماستەر – دكتۆرا" لە دەرەوەی عیراق كردووە.


رێنمایی ژمارە 165  ی وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی عیراقی فیدراڵ تایبەتە بە رێكخستنی كاروباری ئەو بەڕێزانەی كەلە رێگەی مۆڵەتی خوێندنەوە پەیوەندییان كردووە بە خوێندنی باڵا "ماستەر – دكتۆرا" لە دەرەوەی عیراق، ئەم رێنماییە لە رێكەوتی 2011/6/25  ـەوە، لە وەقایعی عیراقی بڵاوكراوەتەوە.
بەڵام جێگەی داخە لە ئاكامی بە هەڵە لێكدانەوەی لێدوانەكەی بەڕێز وەزیرو نەبوونی زانیاری وورد لەبارەی ئەو هەنگاوانەی كە نراون بۆ جیبەجێكردنی ئەم رێنماییە، نووسەری ئەو یاداشتە گلەیی ئامێزە بەشێوەیەكی ناڕەوا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی بە خەمساردو بێمنەت ناوزەد دەكات، لێرەدا بۆ دەستخستنەسەر راستییەكان بەپێویستی دەزانین ئەم زانیارییانەی لای خوارەوە بخەینەڕوو:
یەكەم: وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی رۆڵی كاریگەری هەبووە لە دیراسەكردن‌و گفتوگۆكردن‌و بڕیاردان لەسەر جێبەجێكردنی رێنمایی ژمارە 165  لە كۆبوونەوەكەی ئەنجومەنی وەزارەتداو، هەر بەڕێزیشیان بە ئیمزای خۆی فەرمانی وەزاری ژمار "نووسینگە /167" ی لە رێكەوتی 2013/1/22،  دەركرد بۆ جێبەجێكردنی ئەم رێنماییە لەلایەن زانكۆكانی كوردستانەوە، هەروەها جەنابی وەزیر كاتێكی زۆری تەرخانكردبوو بۆ  گفتوگۆكردن لەگەڵ تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ شێوازی جێبەجێكردنی ئەم رێنماییەو دانانی نەخشە ڕێگەی گونجاو بۆ چۆنێتی جێبەجێكردنی.
دووەم: وەزیری خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نووسراوی ژمارە "نووسینگە /408" ی لە رۆژی 2013/2/20،  ئاڕاستەی سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی زانكۆكان زانیاری وورد دەربارەی یەكە بە یەكەی ئەو بەڕێزانە ئامادە بكەن كە پەیوەندییان بە خوێندنی باڵا "ماستەر – دكتۆرا" كردووە لەدەرەوەی وڵات بە شێوازی "مۆڵەتی خویندن"، بە تایبەت  ئەو زانیارییانەی كە پەیوەندییان بەو مەرجانەوە هەیە، كە لە رێنمایی ژمارە 165  دا ئاماژەیان پێكراوە، بۆ نمونە "ساڵانی خزمەت، تەمەن، كۆ نمرەی بەكالۆریۆس بۆ ئەوكاندیدانەی پەیوەندییان بەخوێندنی ماستەرەوە كردووەو كۆنمرەی ماستەر بۆ ئەو كاندیدانەی كە پەیوەندییان بە خوێندنی دكتۆراوە كردووە ..هتد"، هاوكات لەگەڵ هەمان نووسراودا خشتەیەكی تایبەتی بۆ ئامادەكردنی زانیارییەكان ئاڕاستەی سەرجەم زانكۆكانی هەرێمی كوردستان كردووە "وێنەیەك لە نوسراوەكەو خشتەی زانیارییەكان لەگەڵ ئەم رونكردنەوەیەدا هاوپێچ كراوە".
سێیەم: وەزارەتمان لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردن‌و یەكخستنی تەواوی زانیارییەكانە بەمەبەستی پۆلێنكردنی ئەو بەرێزانەی كە رێنمایی ژمارە 165  دەیانگرێتەوە. هەروەها وەزیری خوێندنی باڵا هەموو هەوڵەكانی خستووەتەگەڕ بۆ دەستەبەركردنی بودجەو پیداویستییەكانی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی‌و ئابووری‌و پلاندانان.
چوارەم: وەزیری خویندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە ئامادەبوونی راوێژكارانی وەزارەت كۆبوونەوەی تێروتەسەلی لەگەڵ زیاتر لە 20  نوێنەری ئەو بەڕێزانە ئەنجام داوە، كە لە رێگەی مۆڵەتی خوێندنەوە پەیوەندییان بە خوێندنی باڵا "ماستەر – دكتۆرا" لەدەرەوەی وڵات كردووە. لەو كۆبوونەوەیەدا لە دیوانی وەزارەت بە گیانی هاریكاری‌و لیكتێگەیشتن هەنگاوەكانی وەزارەت بۆ جێبەجیكردنی ئەم بڕیارە شیكراونەتەوەو، ئامادەبووانی كۆبوونەوەكەش بە چاوی رێزو پێزانینەوە هەنگاوەكانی وەزارەتیان بەرزنرخاندووە.
پێنجەم: ئەو جۆرە نووسینە ڕەخنە ئامێزە بۆ وەزارەتمان جێگەی سەرنج‌و تێڕامانە، سەرباری ئەو هەنگاوانەی كە وەزارەت گرتویەتییە بەر بۆ جێبەجێكردنی رێنمایی ژمارە 165، چاوەڕوان نەدەكرا كە كاندیدێكی خوێندنی باڵا "ماستەر – دكتۆرا" ئەو شێوازی زمانی نوسینە زبرە بەكار بهێنێت بۆ لێدوان  لەگەڵ وەزارەتی خویندنی باڵا. لەگەڵ ئەوەشدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی جەخت دەكاتەوە لەسەر بەردەوامبوونی لە بەدواداچوون‌و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێنماییە بۆ ئەو بەڕێزانەی كە دەیانگرێتەوە بە بێ گوێدان بەو هەڵسەنگاندنەی كە لە یاداشت‌و بڵاوكراوەكەدا هاتووە.
شەشەم: وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بە درێژایی ژیانی كاركردنی لە بواری خوێندنی باڵا هەمیشە پشتیوانی تەواوی داخوازییە رەواكانی قوتابیان‌و خوێندكاران‌و گەنجان‌و لاوانی كوردستان بووە، لە ماوەی دەستبەكاربوونیشی وەك وەزیری خوێندنی باڵا چەندین دەستپیشخەری‌و دەستكەوتی گرنگی بۆ قوتابیان‌و خویندكاران دەستەبەر كردووە، جێگەی شانازییە بۆ وەزارەتمان كە خودی وەزیر "بە شەخسی" بە داواداچوونی وورد بۆ دەستەبەركردنی ماف‌و داخوازییەكانی قوتابیان‌و خوێندكاران دەكات بەتایبەت لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران‌و دەستەی باڵای بەرنامەی تواناسازی‌و وەزارەتی دارایی‌و ئابووری، لێرەدا دەمانەوێت هەندیك نمونەی زیندوو لە كارو دەستپیشخەرییەكانی  وەزیری خوێندنی باڵا بخەینەڕوو:
1-    هەر لە دوای دەستبەكاربوونی بڕیاریدا بە بەرزكردنەوەی میچی تەمەن بۆ وەرگرتن لە زانكۆو پەیمانگاكان، بۆ خوێندنی بەیانیان لە 25 بۆ 30 ساڵ، بۆ خوێندنی ئێواران لە 30 بۆ 35 ساڵ، بۆ خوێندنی پارالێڵ لە 35 بۆ 40 ساڵ، بۆ خوێندنی ماستەر لە 40 بۆ 45 ساڵ.

2-    رێگەدان بەدەرچووانی ئامادەییەكانی ساڵانی پیشووتر بۆ ئەوەی بتوانن لە رێگەی "قبوڵ مەركەزی" داوا پیشكەش بكەن‌و لە زانكۆو پەیمانگەكانی هەریم وەربگیرێن، ئەم بڕیارە یەكەمین جارە لە مێژووی خویندنی باڵادا پەیڕەو بكرێت، بۆ ئەمساڵی خوێندن 2441 قوتابی‌و خوێندكار لە دەرچوانی ساڵانی پێشتر لە زانكۆو پەیمانگەكانی هەرێم وەرگیراون‌و  سوودمەندبوون لەو بڕیارە.

3-    بڕیاردان لەسەر بەخشینی خوێندكاران‌و قوتابیانی خوێندنی ئێواران كەلە رێگەی ناوەندی وەرگرتن "قبوڵ مركزی" ـەوە وەرگیراون لە كرێی خوێندن، كە ساڵانە دەبوایە كرێی خویندن بدەن، هەروەها بڕیاردرا لەسەر  پێدانی دەرماڵەو بەشی ناوخۆیی بەخوێندكاران‌و قوتابیانی خوێندنی ئێواران كە لە ساڵانی نەوەدەكانەوە لێی بێبەش بوون، كە بە هەزاران قوتابی‌و خوێندكار لەم سێ بڕیارەی وەزیری خوێندنی باڵا سوودمەندبوون.

4-    چارەسەركردنی سەرجەم كێشەو گرفتەكانی كاندیدەكانی بەرنامەی تواناسازی كە گرنگترینیان كێشەی موستەحەقاتی دارایی ئەو كاندیدانە بوو، كە خزمەتی وەزیفییان لە دوو ساڵ كەمتر بوو كە بە پێی یاسا دەبوایە موچەو دەرماڵەكانیان رابگیرێت، هەروەها چارەسەركردنی كیشەی موستەحەقاتی دارایی مۆڵەتی هاوڕێیەتی هاوسەرو كیشەی ماوەی كۆرسی زمان‌و كێشەی دواكەوتنی خەرجكردنی موستەحەقاتی دارایی كاندیدەكان‌و  ..هتد.

5-    كردنەوەی خوێندنی ئێواران لە زۆربەی زانكۆكانی كوردستان بۆ ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كە  لە چوارچێوەی  وەزارتی پەروەردە كار دەكەن‌و بڕوانامەی بەكالۆریۆسیان نییە بەمەبەستی تەواوكردنی خوێندنی بەكالۆریۆس‌و پەرەپێدانی توانای زانستی‌و بەرزكردنەوەی بڕوانامەو پلەی وەزیفییان.

6-    لێبوردنی خوێندكاران‌و قوتابیانی خوێندنی سیستمی پارالێڵ لە 50% ی كرێی خوێندنیان.
لەكۆتاییدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستیی ئەو كاندیدە بەڕێزانە دڵنیا دەكاتەوە كە لە چوارچێوەی مۆڵەتی خویندن دا پەیوەندییان بە خویندنی باڵا "ماستەر - دكتۆرا" كردووە لە دەرەوەی وڵات كە لە هەوڵەكانی خۆی  لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوازێكی یاسایی رێنمایی ژمارە 165 جێبەجی بكرێت، لە ئیستادا هەنگاوی گرنگ نراوەو بەشی هەرە زۆری ئامادەكارییەكانیش تەواو بووە.
أ.ع
سه رجاوه : سايتي كورديو

ليست هناك تعليقات:

إرسال تعليق